یەکەمین پێشانگەی تایبەت بە کتێبی کوردی لە هۆڵی نێودەوڵەتیی هەولێر دوای پێشوازییەکی گەرم لەلایەن خوێنەرانەوە کۆتایی بە کارەکانی هێنا، کە تێیدا زیاتر لە 80 هەزار سەردانیکەر ڕوویان لە پێشانگەکە کردبوو.
ڕێکخەرانیشی ڕادەگەیەنن ئەم هەنگاوە ڕۆشنبیرییە دەبێتە نەریتێکی ساڵانە.
پێشانگەکە لەژێر دروشمی "بە کوردی نووسین، بە کوردی هزرین" بەڕێوەچوو و زیاتر لە 120 دەزگا و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی تێیدا بەشدار بوون.
هەرچەندە بڕیار بوو پێشانگەکە 10 ڕۆژ بخایەنێت، بەڵام بەهۆی داواکاریی زۆری هاوڵاتییان و خوێنەرانەوە، ماوەکەی بۆ ڕۆژێکی دیکەش درێژکرایەوە و بووە 11 ڕۆژ.
ڕێبین فەتاح، سەرپەرشتیاری پێشانگای كتێبی كوردی لە هەولێر سەبارەت بە ژمارەی دەزگاكانی چاپ و بڵاوكردنەوە و ژمارەی سەردانیكاران لەو سێ رۆژەدا رایگەیاند:
”نزیکەی 130 دەزگا، بنکەی چاپ و بڵاوکردنەوە، دەزگای چاپەمەنی و وەشانخانە بەشدارییان لە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی کردووە، جگە لەو وەشانخانانەی لە پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە هاتوون، چەندین ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە وڵاتانی ئەورووپاوە بەشداری پێشانگاكەن و لەو سێ ڕۆژەی كردنەوەی پێشانگادا زیاتر لە 37 هەزار کتێب فرۆشراوە.”
ڕێکخەرانی پێشانگەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە یەکەمین ئەزموونی لەم شێوەیە بوو، بەڵام دواجار نابێت و لە ساڵانی داهاتوودا بە قەبارە و مەودایەکی فراوانتر بەردەوام دەبێت.
لە ماوەی بەڕێوەچوونی پێشانگەکەدا، خوێنەران لە سەرتاسەری شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە سەردانی هەولێریان کرد بۆ کڕینی پەرتووک و بینینی نووسەرە دڵخوازەکانیان.
بەمەش ئەم ڕووداوە ڕۆشنبیرییە بووە سەکۆیەک بۆ ئاشتکردنەوەی کۆمەڵگە لەگەڵ خوێندنەوە بە زمانی دایک.