کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک لە شاری قامیشلۆ پانێڵێکی بەرفراوانی لەژێر دروشمی "بەیەکەوە کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و تەبا بونیاد دەنێین" ڕێکخست و تێیدا جەخت لەسەر جیاکردنەوەی ئایین لە دەسەڵات و پاراستنی فرەڕەنگیی پێکهاتەکان کرایەوە.
لە پانێڵەکەدا مامۆستایانی ئایینی، ئەندامانی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەنجومەنی ڕیش سپییەکان و نوێنەرانی کۆنگرەی ستار بەشدار بوون.
شێخ محەمەد ئەلخەرزانی، هاوسەرۆکی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت ئایین و دەسەڵات لە یەکتر جیا بکرێنەوە. جەختی لەوەش کردەوە، ئیسلامی دیموکراتیک نوێنەرایەتی دادپەروەری دەکات، بەڵام ئیسلامی دەسەڵاتخواز، ئایین بۆ بەرژەوەندیی سیاسی بەکاردەهێنێت.
هەر لە پانێڵەکەدا ئەڤین حەجی، هاوسەرۆکی کۆنگرە تیشکی خستە سەر پێگەی ژنان و ڕایگەیاند، ژنان لە زۆرێک لە مافەکانیان بێبەش کراون و توندوتیژییان لە بەرانبەر ئەنجام دەدرێت. گوتیشی، ئازادیی کۆمەڵگە بە ئازادیی ژنانەوە بەندە.

لە باسەکانی دیکەی پانێڵەکەدا، شێخ سلێمان ئەحمەد عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆنگرە باسی لە گرنگیی پاراستنی کۆمەڵگە لە فیتنە و شەڕی ناوخۆ کرد و جەختی کردەوە، پێویستە کۆمەڵگە بگەڕێتەوە بۆ جەوهەری خۆی و بڕوای بە فرە ڕەنگیی نەتەوەیی و ئیتنیکی هەبێت.
شێخ سلێمان ئاماژەی بەوەکرد، کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک بەرپرسیاریەتیی بڵاوکردنەوەی ڕۆحی برایەتی لە ئەستۆ گرتووە.
لە باسەکاندا ئاماژە بەوە کرا، هێزە دەسەڵاتخوازەکان هەوڵی پارچەکردنی کۆمەڵگە و دروستکردنی فیتنە لە نێوان پێکهاتەکانی سوریا دەدەن.
بانگەوازیش ئاراستەی مامۆستایانی ئایینی کرا، کۆمەڵگە پەروەردە بکەن و ڕێگربن لە بڵاوبوونەوەی زمانی ڕق وکینە.