ئیمارات ڕایگەیاند، کارکردنی لە هەردوو دامەزراوەی ستراتیژیی حەبشان بۆ بەرهەمهێنانی غاز و کێڵگەی باب بۆ بەرهەمهێنانی نەوت ڕاگرت. ئەوەش دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو ئەو ناوچانە ڕووبەڕووی هێرشی موشەکی ئێران بوونەوە.
حکومەتی ئیمارات لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، "لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەبوزەبی ئەو موشەکانەیان تێکشکاند کە کێڵگەکانیان کردبووە ئامانج، بەڵام لە پێناو سەلامەتی کارکردن، کارەکان لەو وێستگانە بۆ کاتێکی نادیار ڕاگیراوە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هێرشەکان هەڕەشەیەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی و سەقامگیری ناوچەکە.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە، ئێران هەڕەشەی کردووە بنکە نەوتی و غازییەکانی قەتەر و سعودیە و ئیمارات بکاتە ئامانج، ئەوەش دوای ئەوەی تاران ڕایگەیاند، کێڵگەی پارسی باشوری ئێران ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
ئیمارات، حەوتەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە جیهاندا، هەر وەستانێکی کێڵگەی باب و حەبشان دەبێتە هۆی کاریگەری گەورە لە بازاڕەکانی جیهان، کە ڕاستەوخۆ نرخی نەوت و غاز بەرز دەکاتەوە.