لە چوارچێوەی بەردەوامیی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گەنجێکی خەڵکی شاری جوانڕۆی سەر بە پارێزگای کرماشانیان دەستبەسەر کرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی هاوڵاتییەک بە ناوی "ئاتیلا عەبدی" و دەستگیریان کردووە.
سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ناوبراودا، توندوتیژیان بەکارهێناوە و بە هەڵکێشانی چەک دەستگیریان کردووە.
سەرباری تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر ڕووداوەکەدا، تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستبەسەرکردن، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاوڵاتییە کوردە لەبەردەستدا نییە، ئەمەش نیگەرانیی لای خێزانەکەی دروستکردووە.
ئاتیلا عەبدی پێشتریش چەندین جار بەهۆی چالاکییە مەدەنییەکانی و دەربڕینی بیروڕای سیاسی، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کرابوو.
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە پرۆسەی گرتن و گوشار خستنە سەر چالاکوانانی مەدەنی لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم ماوەیەی دواییدا بەشێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.