بزووتنەوەی نوجەبا بە فەرمی ڕادەستکردنی چەک بە حکومەتی عێراق ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری دەدات کە بەرنامەی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، لە ڕاستیدا پڕۆژەیەکی ئەمریکییە و بۆ بە ئامانجگرتنی هێزەکانی حەشدی شەعبی و بەرەی مقاوەمە داڕێژراوە.
نازم سەعیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی بزوتنەوەی نوجەبا لە ڕێوڕەسمێکدا لە پارێزگای نەجەف ڕایگەیاند، نەیارەکانیان ترسێکی گەورەیان لەو کاریگەرییە سیاسییە قورسە هەیە کە حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانی عێراقدا هەیەتی، بۆیە دەیانەوێت لە ڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە تەواوی توانا سەربازییەکانی عێراق سنووردار بکەن و پێگەی شیعەکان لاواز بکەن.
سەعیدی جەختی کردەوە کە هەر بابەتێکی پەیوەست بە چەکداماڵین دەبێت گشتگیر بێت و بە یەک پێوەر مامەڵە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا بکرێت.
پێشتریش ئەکرەم کەعبی، دامەزرێنەر و سەرۆکی بزوتنەوەکە بە توندی ڕادەستکردنی چەکی ڕەتکردبووەوە و ڕایگەیاندبوو کە چەکەکانیان تەنیا بۆ بەرگرییە لە عێراق و گەلەکەی و دەستبەرداری نابن.
بزووتنەوەی نوجەبا کە لە ساڵی 2013ـەوە دامەزراوە و لە عێراق و سوریا چالاکی سەربازی هەیە، بەهۆی نزیکی لە ئێران و هێرشەکانی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی واشنتن، لە ساڵی 2025ـدا لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خرایە لیستی تیرۆرەوە.