ئامادەکردنى- کوردستان لەزگیێڤا
ئەمریکا و ئێران، لە ڕێگەی نێوەندگیریی پاکستانەوە، چەند پێشنیازێکی نوێیان ئاڵوگۆڕ کردووە. ئەمەش دەرخەرى ئەوەیە، کە ئەو دوو وڵاتە نەگەشتونەتە ڕێککەوتن و گرژییەکانى نێوانیان بەردەوامە.
دۆناڵد ترەمپ داوا دەکات ئێران دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ببێت، بەبێ ئەوەى هیچ مەرجێکى تاران قبوڵ بکات.
لە بەرانبەردا، ئێران لە کۆتا پێشنیاریدا کە بۆ پاکستانى ناردووە دەڵێت، دەمانەوێت کۆنتڕۆڵى گەرووی هورمز لە دەستى خۆیدا بێت و مافی وەرگرتنى باجى لەو کەشتیانە هەبێت، کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن.
ئێران داوا دەکات گرەنتی ئەمنی هەبێت کە جارێکى دیکە هێرش نەکرێتەوە سەریان و هاوکات، ئەمریکا سەرجەم هێزەکانى لەناوچەکە بکشێنێتەوە و پارە بلۆککراوەکانیان ئازاد بکرێن قەرەبوویی زیانەکانی جەنگ بکرێتەوە و سزاکانى لەسەر هەڵبگیرێت
وەک پێشتر، ترەمپ ئامادە نییە بەم مەرجانە ڕازی بێت. دۆخی ئێستای "نە ئاشتی و نە شەڕ" بۆ ئەو باشترە لەوەی لەلایەن تارانەوە بە ئاشکرا ڕەتبکرێتەوە، یان بچێتە ناو شەڕێکەوە کە پێشبینی قوربانییەکی زۆری لێدەکرێت.
لە ناوخۆی ئەمریکادا نرخی سووتەمەنی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و یەدەگی سووتەمەنی ناوخۆیی ڕووی لە کەمی کردووە ئەوەش بارگرانى لەسەر هاوڵاتیان دروست کردووە.
دوێنێ کەشتیەکى ئێرانی کە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتبوو لە گەرووی هورمز تێپەڕی و لە چەند ڕۆژى داهاتوودا دەگات چین و ئەمەش نزیکەی 220 ملیۆن دۆلار دەخاتە گەنجینەى ئێرانەوە.
بەبێ مۆڵەت یان ڕەزامەندی ئەمریکا، ئێران پارە لەو کەشتیانە وەردەگرێت کە بە گەرووەکەدا تێدەپەڕن، و ئەمەش داهاتێکى زۆرى بە گەنجینەى دارایی ئێران بەخشیووە، بەڵام ئەمریکایی نیگەران کردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ ئێران ڕایگەیاند، خۆمان بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی ئەمریکا ئامادەکردووە و سەکۆکانی هەڵدانی موشەکمان نوێکردووەتەوە .