نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، سەقامگیریی بەردەوام لە کەنداو تەنها بە کۆتاییهێنان بە هێرشەکان بۆ سەر ئێران و زامنکردنی دووبارە نەبوونەوەی هێرشەکان دەستەبەر دەبێت. هەروەها ئەمریکاشی بە "چەتەی دەریایی" و "تیرۆریزم" تۆمەتبارکرد.
ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا ڕایگەیاند، هێنانەدی ئاسایشی بەردەوام لە کەنداو بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی هەمیشەیی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی و ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکەکەی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت گەرەنتی بدرێت ئەم هێرشانە دووبارە نابنەوە.
ئیرەوانی لە وڵامی ڕەخنەی وڵاتان لە بارەی کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمزدا، ئەمریکای بە "چەتەی دەریایی و تیرۆریزم" تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتن بە زەبری هێز دەست بە سەر کەشتییە بازرگانییەکاندا دەگرێت.
هەروەها ڕەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت لە ئاست کارە نایاساییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و کۆبوونەوەکەی بە نادادپەروەرانە ناوبرد.