هاوسەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی (ÖHD) ڕایگەیاند، دوای دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای چوارچێوە، داواکاری فەرمی بۆ ئازادکردنی چوار هەزار بەندکراوی سیاسیی کورد پێشکەشی وەزارەتی دادی تورکیا دەکەن.
ئیسحاق دەمیرەل، هاوسەرۆکی لقی ئەستەنبوڵی کۆمەڵەی یاساناسان بۆ ئازادی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕایگەیاند، بەکارنەهێنانی دەستەواژەی "کورد" لە یاسای چوارچێوەی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی و بەستنەوەی جێبەجێکردنی یاساکە بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاوە، وەک یەکێک لە کەموکوڕییە سەرەکییەکانی پڕۆسەکە هەژمار دەکرێت.
دەمیرەل ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکو ئێستا پرۆسەی ئاشتی هیچ ڕەنگدانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر بڕیارەکانی دەسەڵاتی دادوەریی تورکیا نەبووە؛ جەختیشی کردەوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر پرۆسەکەدا، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا بەردەوامن لە دەستگیرکردنی هاوڵاتییان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە ڕێکخستنەکاندا و ڕاگرتنی ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی کەسایەتی و ئاژانسە هەواڵییەکانی باکووری کوردستان.