نوێنەری کژار، لە مەدرید بەشداریی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی سیاسی کرد لە بارەی داهاتووی دیموکراسی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، تێیدا جەختی لە پێویستیی گۆڕانکاریی بنەڕەتی و وەستاندنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران کردەوە.
مریەم فەتحی نوێنەری کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) لە ئەوروپا، لە کۆبوونەوانەدا تیشکی خستە سەر پێویستی گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کۆبوونەوەکان لە ژێر دروشمی "نا بۆ ئایەتوڵڵا ، نا بۆ شا، نا بۆ ئیمپریالیزم و دیموکراسی بۆ ئێران"، بە بەشداریی لایەنە سیاسی و مەدەنییەکانی ئیسپانیا بەڕێوەچوون. تێیاندا بە وردی باس لە تێکچوونی ڕەوشی مافی مرۆڤ و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئامارەکانی لەسێدارەدان لە ئێران کرا.
هاوکات نوێنەرانی کژار لە دیدارەکاندا، لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکانی سیاسی جەختیان لە ڕۆڵی گرنگی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەت ژنان کردەوە و داوای پشتگیریی نێودەوڵەتییان بۆ کەمپەینەکانی دژ بە سێدارە لە ئێران کرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکاندا ڕاپۆرتێکی گشتگیر لەسەر قەیرانە سیاسی و ئەمنییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا، تێیدا جەخت لە پێویستیی دەستبەجێی سەرنجی جیهانی بۆ سەر ئەو دۆخە نالەبارە کرایەوە.