دوای چڕکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییە نوێیەکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە لە چەند شار و شارۆچکەیەکی ڕۆژاڤای کوردستان، ژنان پێشوازیی و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەو هەنگاوانە دەربڕی و ڕایانگەیاند، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری تەنیا لە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکاندا نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش و نیشتمانیی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە.
ئەم پێشوازییەی ژنان لە کاتێکدایە، کە هێرشە بەردەوامەکانی ئەم دواییانە بۆ سەر ناوچەکە و ناسەقامگیربوونی بارودۆخی سیاسی و سەربازی، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ زیادبوونی تاوانە جۆراوجۆرەکانی وەک دزین، ڕفاندن و کوشتن ڕەخساندووە و بووەتە هۆی دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتییان.
ژنانی ڕۆژاوای کوردستان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە مەترسیدارانە و دەستەبەرکردنی ئارامیی ڕاستەقینە، تەنیا بە هاوپشتیی کۆمەڵایەتیی بەهێز سەرکەوتوو دەبێت.
ئەوان لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی دروشمی "خۆپاراستن ئەرکی هەمووانە"، پەیامێکی گشتییان ئاراستەی ڕای گشتی کرد بۆ ئەوەی هەر تاکێک لە سنووری خۆیدا ببێتە هاوکار بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.