ڕێکخراوى کۆمیتەی ئازادی زیندانیانی سیاسیی بڵاویکردەوە، بارودۆخی زیندانیانی ڕاگیراو لە زیندانی گەورەی تاران تا دێت خراپتر دەبێت بەجۆرێک بەشەخۆراک بە ڕێژەی یەک لەسەر سێ کەمبووەتەوە و لە هەندێک حاڵەتدا تەنانەت نانیش دەست ناکەوێت.
ڕێکخراوەکە لە زارى زیندانیەکەوە ئاماژەى بەوەکردووە، ناتوانین چارەسەرى پزیشکى و خزمەتگوزاری تەندروستی لە زیندانەکەدا بەدەست بهێنین.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو چارەسەر پزیشکیانەى لەلایەن خێزانەکانمان دەنێردرێت، نەگەیشتوونەتە دەستمان، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە.
گوتوشیەتى، دوای لەسێدارەدانی چەند زیندانییەک فشاری دەروونی لەسەر زیندانییەکان زیاتر بووە و هەروەها هەڕەشەی سزای توند لە زیندانیان دەکرێت ئەوەش بەهۆی قسەکردن لەگەڵ میدیاکان یان پێدانى زانیاری پێیان.
ڕێکخراوەکە دەڵێت: بێبەشکردنی بە ئەنقەستى زیندانیان لە وەرگرتنى خۆراک و دەرمان لە زیندانییەکان پێشێلکارییەکی جددی یاسای نێودەوڵەتییە.