ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هۆشداری دەدات، ڕێککەوتنە کاتییەکانی ڕاگرتنی شەڕ نەیانتوانیوە گیانی خەڵکی مەدەنی بپارێزن و داوا دەکات، هەنگاوی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بنرێت.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕاپۆرتێکی لە بارەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوەو دەڵێت، خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی مەترسیی دوولایەنە بوونەتەوەو هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، حکومەتی ئێرانیش بەردەوامە لە هەوڵە سەرکوتکارییەکانی بەرانبەر بە خەڵکی ئەو وڵاتە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە حکومەتی ئێران 21 کەس لەسێدارە دراوە. هاوکات ڕێکخراوەکە نیگەرانی خۆی لە بارەی لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ ڕاگەیاندووە کە "ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین".
لە بارەی دۆخی لوبنان و غەزەش ئەم ڕێکخراوە دەڵێت، ئاگربەستەکانی 2024ـی کەرتی غەزە و 2025ـی لوبنان نەیانتوانیوە گەرەنتیی پاراستنی ژیانی هاوڵاتیانی مەدەنی بکەن.
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەشڵێت، لە سەرەتای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە 765 هاوڵاتیی فەڵەستینی و دوو هەزار 294 هاوڵاتیی لوبنانی کوژراون.
لەکۆتاییدا جەخت لەوە دەکاتەوە، ئاگربەستی لایەنەکان بەبێ پەیڕەوکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ بەس نییە و پێویستە لایەنەکان ئاگربەستی "گشتی ناوچەیی و هەمیشەیی" ڕابگەیەنن.