بەگویرەی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران و ڕێکخراوی پێکەوە دژی سزای لەسێدارەدان، لە ساڵی 2025دا لانی کەم 1639 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون. بەراورد بە ساڵی پێشتر 68% زیادی کردووە و ئەوەش دەکاتە تێکڕای چوار لەسێدارەدان لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی تۆمارکراوە لە دوای ساڵی 1989ـەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا ئاشکرا کراوە، لانی کەم 48 ژن لەناو قوربانییەکاندان، کە ئەمەش بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی ژنانە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا. بەشێکی بەرچاوی ئەم ژنانە بەهۆی بەرگریکردن لە خۆیان لە بەرامبەر توندوتیژیی هاوژینەکانیان یان ئەو پیاوانەی لەگەڵیاندا بوون، سزادراون.
مەحمود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، جەختی لەوە کردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێکی سەرکوتکردنی سیاسی و بڵاوکردنەوەی ترس بەکاردەهێنن، ئامانجیشیان ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانی هەر ناڕەزایەتییەکی نوێی جەماوەری.
ڕاپۆرتەکە بە ڕوونی تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە گەلانی کورد و بەلوج بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە زۆرترین پشکیان لەو جۆرە سزایانە بەرکەوتووە. سەرەڕای ئەوەش، نزیکەی نیوەی لەسێدارەدانەکان بە پاساوی پرسی مادە هۆشبەرەکان ئەنجام دراون.
سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی سەرەتای ساڵی 2026، هێشتا سەدان کەس لەژێر هەڕەشەی سزای لەسێدارەدانن و تا ئێستا لانی کەم حەوت کەس بەهۆی پەیوەندییان بەو ناڕەزایەتییانەوە لەسێدارە دراون.