میدیا ئه‌مریكییه‌كان بڵاویانكرده‌وه، وه‌زاره‌تی جه‌نگی ئه‌مریكا (پینتاگۆن) هۆشداریی داوه‌ته سه‌رۆكی ئه‌مریكا له مه‌ترسیی و كاریگه‌رییه خراپه‌كانی هێرشی سه‌ربازیی به‌رفراوان بۆ سه‌ر ئێران.
رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكرده‌وه، ژه‌نراڵ دان كاین سوپاسالاری ئه‌مریكا به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له فه‌رمانده سه‌ربازیه‌كانی پینتاگۆن له كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا ئه‌و مه‌ترسیانه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو كه ده‌كرێت رووبده‌ن له ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازیی به‌رفراوانی سوپای ئه‌مریكا بۆ سه‌ر ئێران.
فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی پینتاگۆن جگه له هه‌ڵسه‌نگاندنی پلانی جه‌نگ و هێرشی سه‌ربازیی، به‌ڵام مه‌ترسیی ئه‌وه‌یان هه‌یه زیانی گه‌وره به‌ر هێزه‌كانی سوپای ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی بكه‌وێت و هێزه‌كان شه‌كه‌ت ببن و به‌رگرییه ئاسمانیه‌كان تێچوویه‌كی زۆریان بوێت بۆ په‌رچه‌كرداری هێرشی موشه‌كیی و درۆنی ئێران.
به‌گوێره‌ی چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك، ژماره‌یه‌ك له گه‌وره به‌رپرسانی پێشتر و ئێستای ئیداره‌ی ئه‌مریكا، هاوڕان له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێست و مه‌ترسیه‌كانی گه‌وره فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا.