ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی تورکیا بەتۆمەتی بەشداریکردن لە ئاهەنگەکانی نەورۆز 46 کەسیان لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و شرناخ دەستگیر کرد.
ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە هەڵمەتێکدا بۆ سەر چەند ماڵێک لە شارەکانی ئیستەنبوڵ و شرناخ، دەیان گەنجی کوردیان دەستگیر کران. بەگوێرەی ئاژانسەکە، دەستگیرکردنەکان پەیوەندیی بە بەشداری لە ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە هەیە.
دەشڵێت، لە شاری ئیستەنبوڵ، هێزەکانی پۆلیس هەڵیانکوتایە سەر چەند ماڵێک و 26 کەسیان دەستگیر کردووە، لە ناویاندا منداڵ و مێردمنداڵ هەن و سەرجەمیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ئیستەنبوڵ گواستراونەتەوە.
هاوکات لە باکوری کوردستان، بە دیاریکراوی لە قەزاکانی هەزەخ و جزیرێی سەر بە پارێزگای شرناخ، هێزەکانی پۆلیس چوونەتە سەر چەندین ماڵێکی دیکە و 20 گەنجیان دەستگیر کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا ژمارەی دەستگیر کراوەکان زیاتر بن.