پەیمان ڤیان، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکای تورکی ئاماژەی بەوە کرد، وەک پژاک نابنە لایەنگر لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، بەڵکو وەک هێڵی سێیەم، پشت بە هێزی گەل و پڕۆژەی دیموکراتیک دەبەستن بۆ گۆڕانکاریی لە نێوخۆی ئێراندا.
جەختیشی کردووەتەوە، دروستبوونی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هەنگاوێکی پێویست بوو بۆ ئەوەی کورد لەم هاوکێشە نوێیەدا نەبێتە قوربانیی و دەستکەوتەکانی خۆی بپارێزێت.
هاوسەرۆکی پژاک هۆشداریداوە بەوەی، ڕژێمی ئێران بنکە سەربازییەکانی بردووەتە ناوچە مەدەنییەکان و دامەزراوە گشتییەکان، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروست کردووە.
گوتووشیەتی، دژایەتیکردنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن تورکیاوە، زیان بەو وڵاتە دەگەیەنێت، پێویستە ئەنقەرە تێڕوانینی خۆی بگۆڕێت، چونکە کورد باشترین دراوسێ دەبێت، نەک گرووپە توندڕەوەکان.