لەباشورى کوردستان پڕۆژەی نیشتمانی یەک نەتەوە یەک چارەنووس، بۆ کۆدەنگیی نیشتمانی بۆ هەژاندنی ناوەندەکانی بڕیار لەجیهاندا ڕاگهیهنرا.
پڕۆژەکە لەلایەن زیاتر لە 200 کەسایەتی نیشیمانییەوە ڕاگەیەنراوە و ئاماژە بەوەدەکات، دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو ناسەقامگیرییەی دەوڵەتانی ناوچەکەی گرتووەتەوە، کورد دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژویی، جهختیشكراوهتهوه، "ئەزمونی بەرگریی لەڕۆژاڤای نیشتمان سەلماندی کە تەنها کۆدەنگیی نیشتمانی دەتوانێت پیلانگێڕییە گەورەکان هەڵوەشێنێتەوە و پرسی کورد لەکێشەیەکی ناوخۆییەوە بباتە ناو ناوەندە دیپلۆماسییەکانی جیهان".

پڕۆژهکە ئاماژهى بهوهكردووه، "خۆپیشاندان و جوڵانەوەکانی ئەمدواییەی کوردان لەناوخۆ و دەرەوە، بەتایبەت ئومێدە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نامەیەکی ڕونن بۆ حزبە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی کوردی زیندووە و دونیابینیی لەبەرژەوەندییە تەسەکان گەورەترە"، دروشمی ناوەندیی پڕۆژەیەكهش بریتییە لە(یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە).

نەخشە ڕێگەی پڕۆژەکە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا چڕبووەتەوە، یهكهمیان گوتارێکی نیشتمانییه، بونیادنانی زمانێکی هاوبەش کە خزمەت بەپێکەوەژیان و مافی گەلان بکات، دوهمیش کۆتاییهێنانه بەململانێ، سڕکردنی کێشە ناوخۆییەکانو کاڵکردنەوەی ئایدیۆلۆژیا لەپێناو نیشتمان، سێیهم خاڵى پڕۆژهكهش باسكردنه لهبەرژەوەندیی باڵا، بۆ ئهوهش جهختكراوهتهوه، لهکردنی نەتەوە بەچەقی کارە سیاسییەکانو دورکەوتنەوە لەپەڕگیریی.
پڕۆژەکە کە لەباشورەوە دەستیپێکردووە، وەک بانگەوازێکی کراوە ئاڕاستەی تەواوی هێزە سیاسییەکان و نوخبەی ڕۆشنبیریی کوردستان کراوە، تا بەرلەوەی زەمەن لەدەستبچێت، کورد ببێتە خاوەن ستراتیژێکی یەکگرتوو لەبەرامبەر گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکاندا.

پەیامی ڕوونی ئەم پڕۆژەیەش ئەوەیە کاتی ئەوە هاتووە، بەرژەوەندییە باڵاکان لەسەرووی هەموو ئایدیۆلۆژیاکان بن، چونکە وەک شەقام دەڵێت، "یەکە یەکە یەکە، گەلی کورد یەکە"و تەنها بەم یەکبوونەش دەتوانرێت ڕووبەڕووی لێزمەی گۆڕانکارییەکان و ئاڵنگارییهكان ببنەوە.