وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی گرتنەوەی غاز لەلایەن ئێرانەوە رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی پێنج هەزار و 500 مێگاوات کارەبای لەدەستداوە.
گوتەبێژی وەزارەتەکە بە ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندووە، وەستانی هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق، توانای بەرهەمهێنانی کارەبای سنوردارکردووە، بەو هۆیەشەوە لە هەوڵدان لیژنەیەک بنێرن بۆ ئێران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، بڕیارە لیژنەکە لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار کۆببنەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی غاز، تاوەکو وێستگە پەککەوتووەکان بگەڕێنەوە سەر هێڵ و کێشەی کەمیی کارەبا چارەسەر ببێت.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا وێستگەکانی دیکە بە تەواوی توانای خۆیانەوە کارەبا بەرهەم دەهێنن و کارەکانی چاککردنەوە و فراوانکردن بۆ ئامادەکاری وەرزی هاوین بەردەوامن.