وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دەرگای گواستنەوەی مامۆستایان بەتەواوی داخراوە، گوتەبێژی وەزارەتەکەش هۆکارەکەی بۆ بڕیار و رێنماییەکانی حکومەتی فیدراڵی دەگەڕێنێتەوە.
پەیمان خواجە محەممەد، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی رایگەیاند، پرۆسەی راژە و گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان فەرمانگە و پەروەردەکاندا بەتەواوی راگیراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە ئاسان نییە و هۆکاری راگرتنەکەشی بۆ ئەو رێنماییانە دەگەڕێتەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٥ـەوە لەلایەن بەغداوە دەرکراون، ئەوەش ئاستەنگی یاسایی و کارگێڕیی لەبەردەم جێبەجێکردنی داواکارییەکانی مامۆستایاندا دروستکردووە.
ساڵانە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ساڵی خوێندن، پرسی گواستنەوەی مامۆستایان لە نێوان پارێزگا، قەزا و قوتابخانەکاندا دەبێتە مژارێکی سەرەکیی ناوەندەکانی خوێندن. مامۆستایان ئەو پرۆسەیە بە مافێکی یاسایی خۆیان دەزانن و داوا دەکەن وەزارەت رێکارەکان روون بکاتەوە و ئاسانکارییان بۆ بکات.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی نووچە تیڤی، راگرتنی پرۆسەی گواستنەوە کێشەی دارایی، کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ سەدان مامۆستا دروستکردووە؛ بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی رۆژانە ناچارن دەیان کیلۆمەتر بە تێچوویەکی زۆرەوە بۆ دەرەوەی شارەکان هاتوچۆ بکەن، یان ئەوانەی بەهۆی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و گۆڕانی باری خێزانییەوە دۆخی گوزەرانیان قورس بووە.