ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ناسراو بە هیومان ڕایتس وۆچ، داوای لە سەرجەم ئەندامانی ڕێکراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، پرسی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران و کەسانی ناڕازی لە ئێران چارەسەر بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەتۆڕی ئێکسی ڕێکخراوەکە بڵاوکراتەوە، لە ماوەی مانگ و نیوێکدا بەلایەنی کەمەوە 28 کەس بەتۆمەتی سیاسی و سیخوڕیکردن لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لە سێدارەدراون.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرینەی دەستگیرکراو و سزادراوانی خۆپیشاندەرەکانی ئەم دواییەی ئێران، لەبنەڕەتی ترین مافەکانیان بێبەشکراون و لەدادگاییکردنێکی نا دادپەروەرانە و دوای وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
بەهار سەبا، توێژەر و ئەندامی هیومان ڕایتس وۆچ دەڵێت، دەسەڵاتدارانی ئێران " لە سێدارەدانی خۆپیشاندەران بۆ مەبەستی بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن لەناو خەڵکدا بەکاردەهێنێت، داوای لە ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بەهەماهەنگی هەنگاو بگرنەبەر بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ئێران و ڕاگرتنی جێبەجێکردنی سزاکانی لەسێدارەدان.