سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق سه‌رپه‌رشتی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ئه‌منیی و نه‌وت و وزه له عێراق كرد.
نوسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیران به ئاماده‌بونی وه‌زیری نه‌وت و بریكاره‌كانی وه‌زاره‌ته‌كه و ڕاوێژكارانی وزه و ئابوریی، سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت به هه‌ڵسه‌نگاندنی دوایین پێشهاته‌كانی دۆخی ئه‌منیی و كه‌رتی نه‌وت و وزه و ئابوریی عێراق كردووه.
ئه‌وه‌شهاتووه، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا وه‌زیری نه‌وت باسی پلان و به‌رنامه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی و كۆمپانیای سۆمۆی كردووه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت و ئاماده‌كارییه‌كانیان له باره‌ی كۆگاكردنی هه‌موو جۆره‌كانی سوته‌مه‌نیی و دروست نه‌بوونی قه‌یران، به تایبه‌تیی له‌مكاته‌دا كه به‌هۆی داخستنی گه‌روی هورمز عێراق ناتوانێت له به‌نده‌ره‌كانی باشوره‌وه نه‌وت هه‌نارده بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سودانی جه‌ختی له دابینكردنی سوته‌مه‌نیی پێویست كردووه‌ته‌وه بۆ پڕۆژه ناوخۆییه‌كانی كه‌رتی تایبه‌ت و گشتیی به نرخی پاڵپشتیكراو، به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی كاره‌باش پلان و به‌رنامه‌ی خۆیان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك خستووته‌ڕوو.