نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق و چەند شارەزایەکی بواری فەلەکناسی پێشبینی دەکەن ڕۆژی (27) ی ئەم مانگە، ببێتە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز، هاوکات حکوومەتی عێراق سبەی کردە پشووی فەرمی.
نووسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بڵاو کردەوە، پێشبینی دەکەن ڕۆژی (27) ی ئایاری (2026) یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز بێت. هاوکات بە هۆی ئەم بۆنەیەوە و بۆ ئامادەکارییەکان، حکوومەتی عێراق بڕیاری دا سبەی یەکشەممە لە تەواوی دامودەزگاکانی دەوڵەت دا بکرێتە پشووی فەرمی.
شارەزایانی بواری ئەستێرەناسی، سەبارەت بە وردەکارییە زانستییەکانی دیاریکردنی ڕۆژی جەژن ڕایانگەیاند، هەرچەندە بڕیاری کۆتایی لە لای سعوودیەیە، بەڵام شیکارییە گەردوونییەکان ڕۆژەکەیان یەکلا کردووەتەوە و گوتیان: "ڕۆژی (27) ی ئایار دەبێتە یەکەم ڕۆژی جەژن و ئەمساڵ کات و ڕۆژەکە بە بەڵگەی زانستی زۆر بە وردی دیاری کراوە".
شارەزایان دەڵێن: "پێشبینی دەکەین ڕۆژی دووشەممە (18) ی ئایار، یەکەم ڕۆژی مانگی زولحیجە بێت و بە ئەو پێیەیش ڕۆژی سێشەممە (26) ی ئایار دەبێتە ڕۆژی عەرەفە و ڕۆژی چوارشەممە (27) ی ئایار یەکەم ڕۆژی جەژن دەبێت".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، لیژنەی بینینی مانگ لە سعوودیە بەرپرسی یەکەمە لە دیاریکردنی ڕۆژی وەستان لە کێوی عەرەفە و جەژنی قوربان، چونکە سەرجەم ڕێوڕەسمەکانی حەج لە ئەو وڵاتە بەڕێوە دەچن و جیهانی ئیسلامی چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی ئەو وڵاتە دەکات لە ئێوارەی (29) ی زولقعدە دا.