هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری شۆفێرانی بارهەڵگری ژمارەی کاتی دەکاتەوە و دەڵێت، نابێ زیاتر لە چوار تۆن بار هەڵبگرێت.
بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە، لە سبەینێوە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری ژمارەی کاتی ناتوانێت لە چوار تۆن زیاتر بار هەڵبگرێت، تا ئەو کاتەی ژمارە کاتیەکەی تۆمار دەکرێت و (ژمارە و تابلۆ)ی تایبەت بەخۆی وەردەگرێت ئەمەش لە پێناو ڕێگریکردن لە کارەساتی نەخوازراو.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو بارهەڵگرانەش کە تۆمارکراون دەبێت بە دروستی و لە کاتی خۆی پشکنینی ساڵانە بۆ دڵنیابوون لە مەرجەکانی سەلامەتی ئەنجام بدەن، بە پێچەوانەوە دەست بەسەر بارهەڵگرەکەدا دەگیرێت و سزای دارایی قورس بەسەریاندا دەسەپێندرێت.
داوایەکیش ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات ودەڵێت، مەفرەزەکان ڕادەسپێردرێن کە کاری پێویست ئەنجام بدەن.