میدیاییە نێودەوڵەتییەکان پەردە لە سەر دۆخی تەندروستیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لادەبەن و ڕایدەگەیەنن، عەلی خامنەیی بەهۆی برینەکانیەوە لەژێر چاودێریی توندی پزیشکیدایە و گەیشتن پێی زۆر سنووردار کراوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئێرانییەوە بڵاوی کردەوە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆککۆمار و وەزیری تەندروستی، ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی چارەسەرکردنی عەلی خامنەیی دەکەن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، خامنەیی سێ نەشتەرگەریی لە قاچێکیدا و نەشتەرگەرییەکی لە دەستێکیدا بۆ کراوە و لە ئێستادا چاوەڕێی بەستنی پەلێکی دەستکردە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کردووە، بەهۆی سووتانی ڕوخسار و لێوەکانی، خامنەیی لە ئێستادا ناتوانێت قسە بکات و پێویستی بە نەشتەرگەریی جوانکاری هەیە.
هاوکات باس لەوە کراوە، موجتەبا خامنەیی ، لەژێر ڕێکاری توندی ئەمنیدایە و فەرماندە باڵاکانی سوپای پاسداران لە ترسی چاودێرییەکانی ئیسرائیل، سەردانی ناکەن و پەیوەندییەکان تەنها لە ڕێگەی نامەی دەستنووس و پۆستەچییەوە ئەنجام دەدرێن.
سەرەڕای سەختیی برینەکانی، ڕاپۆرتەکە جەختی کردووەتەوە کە ڕێبەری ئێران لە ڕووی هزرییەوە ساغە و بەشداریی لە بەدواداچوونی کاروباری سیاسیی وڵاتەکەیدا دەکات.
ئەمە لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ جارێکی دیکە بانگەشەی دابەشبوونی قووڵ لە نێو سەرکردایەتی حکومەتی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند، "له نێو ئێراندا ململانێیهكی توند له نێوان توندڕهوهكان و میانڕهوهكاندا هەیە و دیار نیە كێ سهركردایهتی ئێران دەکات.