سەرۆککۆمارى عێراق نزار ئامێدی، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە ڕایگەیاند، دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و پارێزراو بۆ ڕۆژنامەنووسان نەک تەنها پێویستییەکە، بەڵکو گەرەنتییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکرات و میدیایەکی بەرپرسیار.
نزار ئامێدى سەرۆککۆمارى عێراق بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە لە ئێکس دەڵێت، پیرۆزبایی لە قەڵەمە ئازا و دڵسۆزەکانی عێراق دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە پێویستە ڕۆژنامەنوسان بەبێ ترس و بە ئازادییەکی تەواوەوە پەیامە نیشتمانییەکەیان بگەیەنن.
دەشڵێت، ستایشی ئازایەتی و خۆڕاگری ئەو ڕۆژنامەنووسانەش دەکەین کە لە سەختترین بارودۆخدا بەردەوامن لە کارە پیشەییەکانیاندا، یادی ئەو ڕۆژنامەنوسانەش بەرزڕادەگرین کە شەهیدبون لە پێناو گەیاندنی ڕاستی و وشەی ئازاددا گیانی خۆیان کردە قوربانی.
ئاماژەى بەوەشداوە، جەخت دەکەینەوە لەسەر دابینکردنی گەرەنتی یاسایی و ئەمنی بۆ کارکردنی میدیاکاران وەک بەشێکی دانەبڕاو لە پاراستنی بەهاکانی وڵات.