ڕاستەوخۆ

تێكچوونی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان به‌هۆی جه‌نگه‌وه‌، خێزانه‌ ئێرانییه‌كان دابه‌ش بوون  

reset font size increase font size

كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگ له‌سه‌ر ئێرانییه‌كان، ته‌نها ئه‌منیی و سه‌ربازیی ئابووریی نین، به‌ڵكو به‌شێك له‌ خێزانه‌كان، به‌هۆی ململانێ سیاسییه‌كانه‌وه‌ خه‌ریكه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌.

كه‌ناڵی " بی بی سی" له‌ ڕێگه‌ی بەنهێنی به‌كارهێنانی ئینتەرنێتی ستارلینکەوە، چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ كردووه‌، كه ئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌یان له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كانی ڕژێمی ئێراندا كار ده‌كات و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییان بۆ دروستبووه‌.

BBC ده‌ڵێت، كاریگه‌رییه‌كانی جه‌نگه‌كه‌ له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ خێزانیی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ڕۆژبه‌ڕۆژ زیاتر ده‌بن و خه‌ریكه‌ به‌شێك له‌ خێزانه‌كان هه‌ڵده‌وه‌شێنه‌وه‌.

كه‌ناڵه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك گه‌نجی له‌ناوخۆی ئێران دوواندووه‌ و خەڵکی وڵاتەکە دابەش بوون بەسەر چەندین بەرەی جیاوازدا، نەک تەنیا لەنێوان لایەنگران و دژایەتیکەرانی ڕژێمدا، بەڵکو لەنێوان ئەوانەشدا، کە دژی ڕژێمن.

سینا گەنجێکە لە بیستەکانی تەمەنیدایه‌، دژی دامەزراوە ئاینییەكانه‌ و پشتیوانیی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیله دەکات، پێیوایە دەبنە مایەی ڕوخانی ڕژێم.

سینا دەڵێت، خاڵی ئەندامی بەسیجە و چەندین ساڵە لە نەورۆزدا نەچووەتە كۆبوونه‌وه‌ خێزانییه‌كانیان، ته‌نانه‌ت ئەمان قسە لەگەڵ خۆی و منداڵەکانیشی ناکەن، بەڵام ئەمساڵ چووە و بەلای خێزانەکەیانەوە سه‌یر بووە.

دەشڵێت لەدوای خۆپیشاندانەکانی 2022ـەوە، قسەی لەگەڵ خاڵی نەکردووە.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەشدا، خاڵی هێندە توڕەبووە، گوتویەتی، ئەگەر کوڕەکانی بچنە سەر شەقام و بکوژرێن، ناچێت تەرمەکانیان بهێنێتەوە.

سینا دەڵێت سەرەڕای ئەو پشتیوانییە سەختەی بۆ ڕژێم، بەڵام ئەمجارەیان خاڵی وەها بینیوە، وەک ئەوەی "لە مردن بترسێت" و لەوە چووە بیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ خێزانەکەیدا چاک بکاتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ دایکیدا کە دەکاتە نەنکی سینا.

 گوتوشیەتی "لە نەورۆزدا خۆی و ژنەکەی لە دۆخێکی هێندە غەمبار و بێدەسەڵاتدا بوون، بەزەییت پیایاندا دەهاتەوە".

خوشكه‌كه‌م ئه‌ندامی به‌سیجه‌ و نه‌ورۆزی لێتێكدام

گەنجێکی دیکە بەناوی کافی، خوشكه‌كه‌ی ئەندامی بەسیجە‌، دەڵێت لە 2022ـەوە، کە بەشداریی لە خۆپیشاندانەکاندا کرد، پەیوەندیی لەگەڵ خوشکەکەیدا، تێکچووە، بەتایبەتی کە هیچ هاوسۆزییەکی بۆ کوژرانی هەندێک لە هاوڕێکانی ده‌رنه‌بڕیوه‌.

 کافی لە ڕێی ستارلینکی سپەیس ئێکسەوە، ئینتەرنێت بۆ خێزان و هاوڕێکانی دابین دەکات.

لە ئێران ئەوەی ئامێرەکانی ستارلینکی هەبێت یان بەکاری بهێنێت، دوو ساڵ زیندانی دەکرێت.

 ئەو سەرەتا چووە لای خێزانەکەی بۆ بەسەربردنی پشوی نەورۆز، بەڵام دەڵێت کاتێک چووەتە دەرەوە و دواتر گەڕاوەتەوە، دەبینێت خوشکەکەی خزمەتگوزاریی ستارلینکەکە و ئامێرەکانی بچڕاندووە، ئەمیش ڕووبه‌ڕووی بوەتەوەوە و بووەتە ئاژاوە لەنێوانیاندا.

کافی دەڵێت "چیتر چارەیم ناوێت، شەڕم لەگەڵ کرد و پێم وت بەرگەی ئەمە ناگرم، دواتر شوێنەکەم بەجێهێشت".

 بە دەم گەڕانەوەشەوە بۆ ماڵە تەنیاکەی، بە BBC  گوتووه‌ "زۆر دڵخۆش بووم بە نەورۆز، جلەکانم کۆکردەوە و ویستم لەگەڵ خێزانەکەم بەسەریبەرم، بەڵام ئێستا هیچ دڵم پێی خۆش نییە".

 زۆرینەی ئەو ئێرانییانەی قسەیان بۆ BBC فارسی کردووە، دژی ڕژێمی ئێرانن، بەڵام لەنێوان ئەوانیشدا جیاوازیی قوڵ هەیە دەربارەی جەنگ و لێکەوتەکانی.

ماراڵ خوێندکارێکە لە بیستەکانی تەمەنیدا و خەڵکی شاری ڕەشتە، بێزار بووە لە پشتیوانیی بەردەوامی باوکی بۆ جەنگ، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، باوکی لە سەرسەختترین پشتیوانەکانی ڕەزا پەهلەوییە.

ماراڵ دەڵێت "تەنیا ئەوەم دەوێت ئەم جەنگە بە زوترین کات کۆتایی پێبێت".

مارال باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كه‌ باوکی "لەو وەهمەدا دەژی" کە ئێران سنورەکانی دەکاتەوە و لەماوەی پێنج ساڵدا هەموو شتێک دروستدەکرێتەوە و هەموو شتێک باش دەبێت.

تاراش كچێكی گه‌نجه‌ و خەڵکی تارانە، باسی له‌ قسه‌كانیدا بۆ "بی بی سی" باسی له‌وه‌ كردووه‌، سه‌ره‌تا ئەندامە نزیکەکانی خێزانەکەی، ڕەخنەیان لێگرتووە، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دژی جه‌نگ بووه‌، ده‌ڵێت، دایكی و خوشكه‌كه‌ی پێیان گوتووه‌ "تۆ لە ناڕەزایەتییەکاندا کەست لەدەست نەداوە، بۆیە دژی هێرشه‌كانبیت بۆسه‌ر ئێران".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.