ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک (مەسەدە)، بە بۆنەی هاتنی جەژنی قیامەت (پاسکالیا)، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی کریستیانەکانی سوریا و جیهان کرد و جەختی لەوەکردەوە ئەم جەژنە سیمبولی ڕوناکی و هیوایەکی نوێیە بۆ مرۆڤایەتی.
مەسەدە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەشداریکردنی خۆشی ئەم جەژنە لەگەڵ پێکهاتەی کریستیان، بەبیرهێنانەوەی ئەو بەها بەرزانەی ئاشتی و لێبوردەییە، کە جەوهەری ئامانجەکانی گەلی سوریایە بۆ گەیشتن بە پاشەڕۆژێکی شایستە.
دهشڵێت، هەمەجۆریی ئایینی و کولتوری لە سوریادا سەرمایەیەکی گرنگە و کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ بونیادنانی وڵاتێک لەسەر بنەمای هاوڵاتیبونی یەکسان و ڕێزگرتنی یەکتری.
لە پەیامەکەیدا، ئەنجومەنی سوریای دیموکرات، بە هیوایە ئارامی و تەبایی باڵ بەسەر تەواوی خاکی سوریادا بکێشێت و هەموو هاوڵاتییەک لەژێر سێبەری دەوڵەتێکی دادپەروەردا کە پارێزەری کەرامەتی مرۆڤەکان بێت، ژیانێکی شایستەی هەبێت.