ڕاستەوخۆ

لەمساڵدا 33 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی لە ڕۆژاڤای کوردستان سووتاون

reset font size increase font size

بەهۆی زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوەی یەک لەدوای یەک لە ناوچە جیاوازەکانی ڕۆژاڤای کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 33 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی سووتاون و زیانی ماددی زۆریش بە جوتیاران و دانیشتووانی ناوچەکە گەیشتووە.

بەڕێوەبەرایەتیی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی پارێزگای حەسەکە ئاماری فەرمی ڕووداوەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا، بە تەواوی 33 هەزار و 16 دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لەناوچوون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی نێو ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاگرکوژێنەوە، زیانەکان بەم شێوەیە دابەشبوون:

1,795 دۆنم زەوی چێنراو بە گەنم.

999 دۆنم زەوی چێنراو بە جۆ.

30,222 دۆنم زەوی پاشماوەی دەغڵودان (کای کێڵگە دروێنەکراوەکان).

262 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە ماوەی مانگێک و نیودا

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە وەرزی دروێنەی ئەمساڵ یەکێک بووە لە قورسترین وەرزەکان، بە جۆرێک لە ماوەی نێوان 15ـی ئایاری ئەمساڵەوە تاوەکو 26ـی حوزەیران، 262 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە شار و شارۆچکەکانی ڕۆژاڤای کوردستان سەریهەڵداوە.

ئەم ئاگرکەوتنەوانە تەنیا زیانیان بە کەرتی کشتوکاڵ نەگەیاندووە، بەڵکو زیانی زۆریان بە موڵک و ماڵی تایبەتی هاووڵاتییانیش گەیاندووە، لەوانەش سووتانی:

8 ماڵی هاووڵاتییان.

6 دەڕاسەی تایبەت بە جوتیاران.

3 دوکان و بازاڕچە.

2 دۆنم زەوی داری زەیتوون و 109 دۆنم گیای وشک.

تیمەکان لە ئامادەباشی تەواودان

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کاتی سەرهەڵدانی ئاگرە بەربڵاوەکەی نێوان ناوچەکانی (زرگان، تل‌تەمر، حەسەکە و قامیشلۆ)، 40 ئەندامی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان و هاووڵاتییانی ناوچەکە بەشدارییان لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا کردووە.

لە ئێستاشدا، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە کارەساتانە و ئەنجامدانی ڕێکاری پێویست، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بە تەواوی بەسەر ناوچە کشتوکاڵییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و لە ئامادەباشی باڵادان.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.