نووسینگەی تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، تەواوی ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە دەستگیرکردنی یان هەڵاتنی بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن و ڕایدەگەیەنێت کە لە ناو عێراقدایە و ڕێکاری یاسایی دژی بڵاوکەرەوەی ئەو پڕوپاگەندانە دەگرێتەبەر.
نووسینگەی وەزیری پێشووی دارایی لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە شێوەیەکی "یەکلاکەرەوە" ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەنەوە کە لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا سەبارەت بە دەستگیرکردنی تەیف سامی لە چوارچێوەی "هەڵمەتی دژە گەندەڵی" یان چوونی بۆ دەرەوەی وڵات بڵاوکراونەتەوە.
جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم زانیارییانە "هیچ بنەمایەکی ڕاستییان نییە و پشت بە هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی نابەستن."
لە ڕاگەیێندراوەکەدا، نووسینگەی تەیف سامی سەرکۆنەی بڵاوکردنەوەی ئەو جۆرە هەواڵە نادروستانە دەکات کە دەبنە هۆی چەواشەکردنی ڕای گشتی، و داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، شرۆڤەکاران و چالاکوانان دەکات کە لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا وردبن و پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەک، پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.