بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکی هاتوچۆ لەسەر ڕێگەی کەلار- دەربەندیخان ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ ئەندامی یەک خێزان بە سەختی بریندار بوون.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەیانی ئەمڕۆ 10ـی نیسانی 2026، لەسەر ڕێگەی کەلار- دەربەندیخان ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان سەنی بەئاراستەی قەزای دەربەندیخان ڕۆیشتووە و لەنزیک گوندی بانیخان کۆنترۆڵی لەدەستداو خۆی بە ڕاگری قەراخ ڕێگاکەدا کێشاوە.
ئەوەش هاتووە، لە ڕووداوەکەدا سێ ئەندامی یەک خێزان بریندار بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید مەلا ئەحمەد کەلاری لە ناحیەی باوەنور کران بۆ ئەوەی چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت.