محەمەد چەڤیرەن، کە ماوەی 11 ساڵ بوو لە زیندانی ئاسایشی (بێشیری) لە شاری ئێلیحی باکووری کوردستان ڕاگیرابوو، ڕۆژی ڕابردوو بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیلەدەستدا.
فەتاح تەکین، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری لەگەڵ بنەماڵەی زیندانیان و سزادراوان لە مێردین، نیگەرانیی قوڵی خۆی دەربڕی و ڕایگەیاند: لەم قۆناغەدا ئێمە چاوەڕێی ئازادکردنی هاوڕێ زیندانییەکانمان بووین، بەڵام بەداخەوە تەنها لە ماوەی مانگێکدا، تەرمی چوار زیندانیمان پێدراوەتەوە.
هاوکات ساڵح کودای، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری و هاوسۆزی لەگەڵ ئەو خێزانانەی کەسوکاریان لەدەستداوە لە مێردین، ئاماژەی بەوە کرد: سەرەڕای ئەوەی گەلی کورد هەموو ئەرکێکی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام هێشتا فشارەکانی حکومەت بەردەوامن و سەدان زیندانیی نەخۆش ڕووبەڕووی مەرگ بوونەتەوە، کە پێویستە دەستبەجێ ئازاد بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە، بێریتان گونەش، پەرلەمانتاری دەم پارتیش ڕایگەیاند: هاوڕێ محەمەد لە کاتی سەردانەکاندا باسی لەو ئەشکەنجانە کردووە، کە لە زیندان تووشی بووە. ئێمە پێمان وایە ئەم مەرگە بە دەستی دەوڵەت بووە و تا کۆتایی بەدواداچوونی بۆ دەکەین.
لە هەمان کاتدا، وەڵات چەڤیرەن، برای محەمەد، بە توندی سیناریۆی خۆکوشتنی براکەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: ئەوان ئەو پڕوپاگەندانە قبوڵ ناکەن و بەدواداچوونی یاسایی بۆ کەیسەکەی دەکەن.