قەیرانی غاز لە ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە ئێستادا نرخی بتڵێک غاز بە 25 هەزار دینارە.
لەکاتێکدا لیژنەکانی قایمقامییەتی سلێمانی ڕەتیدەکەنەوە قەیرانی دەستکەوتنی غاز هەبێت، بەڵام ڕۆژانە و بە تایبەتیی ئەمڕۆ پێنجشەممە خەڵکێکی زۆر بە بتڵەکانیانەوە لە بەردەم بەنزینخانەکان سەرەیان گرتووە بۆ پڕکردنەوەی غاز کە بۆ هەر لیترێک بە هەزار و100دینار، واتە پڕکردنەوەی بتڵێک غاز بە 25 هەزار دینارە.
بریکارەکانی فرۆشتنی غاز دەڵێن، ماوەی15 ڕۆژە هیچ بڕە غازێکیان وەرنەگرتووە و لە لایەن کۆمپانیای دابەشکردنی غازەوە پێیان نە دراوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە ڕۆژی 17ی ئەم مانگە عومەر عەبدوڵا سهرۆكی لیژنهی غاز لە سلێمانی لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، لە ڕۆژی 18ی ئەم مانگەوە قەیرانی غاز نامێنێت بۆیە پێویست ناکات کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دابەشکردنی غاز بکرێت.