وەزارەتی ناوخۆی قەتەر لە ڕاگەیەنراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاندووە، دانیشتوی نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دەوحە بە شێوەیەکی کاتی گواستراونەتەوە.
دەشڵێ،" لە چوارچێوەی ڕێکارەکانی خۆپارێزیی پێویست، شوێنی نیشتەجێبوونی گونجاویان بۆ دابینکراوە".
ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، هەریەک لە باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا لە سعودیە و کوەیت و هەروەها کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە دوبەی، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە لایەن ئێرانەوە کرانە ئامانج.
هەروەها، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا هۆشداریدایە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کە دەستبەجێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەجێبهێڵن و زۆرینەی گەشتە ئاسمانییەکانیش بۆ ناوچەکە ڕاگیراون.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، لە 28ی شوباتەوە نزیکەی 17 هەزار و 500 هاووڵاتی ئەمریکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گەڕاونەتەوە بۆ ئەمریکا.