ڕاستەوخۆ

توانا موشەکییەکانی ئێران بەرەو کۆتایی دەچن؟

reset font size increase font size

لەگەڵ درێژەکێشانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بەرامبەر ئێران، ژمارەی ئەو موشەکانەی کۆماری ئیسلامی لە ڕۆژێکدا هەڵیدەدات، بەراورد بە سەرەتای جەنگەکە، بەتەواوی کەمیکردووە.

شارەزایانی سەربازیش دەڵێن، ئەوە ئاماژەیە بۆ لەدەستدانی تواناکانی و کەمبوونەوەی ژمارەی موشەکەکان و سەکۆکانی هەڵدانیان.

لە ڕۆژانی یەکەمی جەنگەکەدا، ئێران ڕۆژانە سەدان موشەکی زیاتری هەڵدەدا بەراورد بە ئەوەی لە جەنگی 12 ڕۆژەدا دەیتەقاند.

هەڵسەنگاندنەکان وایان دەردەخست ئێران بەر لە جەنگ خاوەنی 2 هەزار بۆ 2 هەزار و 500 موشەکی بالیستی کورتمەودا بێت.

لە دەستپێکی جەنگەکەوە کۆماری ئیسلامی 500 بۆ 700موشەکی بالیستی ته‌قاندووه‌، کە زۆرینەیان بە ئاراستەی ئیسرائیل بوون و ئەوانی دیکەیان بە ئاراستەی بنکە ئەمریکییەکان بوون لە وڵاتانی کەنداو.

وڵاتانی وەک ئیمارات و کوەیت، ڕۆژانە ئاماری ئەو موشەک و درۆنانە بڵاو دەکەنەوە کە ئێران تێیگرتوون.

لە دوو ڕۆژی یەکەمدا، ئێران بە تێکڕا ڕۆژانە 58 موشەکی ئاراستەی ئیمارات کرد، بەڵام لە ڕۆژی چوارەمەوە کەمیکرد بۆ تەنیا 10 موشه‌ك.

کوەیت ڕایگەیاند لە 24 کاتژمێری یەکەمی جەنگدا 97 موشەکی بالیستی ئاراستە کراوە، ئەگەرچی دواتر هیچ ژمارەیەکی فەرمیی بڵاو نەکردووەتەوە، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژانەکانی هەواڵ دەریدەخەن زۆر کەمیکردووە.

وەزارەتی بەرگریی قەتەریش ئاشکرایکرد بە کۆی گشتی 101 موشەکی بالیستی ئاراستە کراوە، کە زۆرینەی لە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی جەنگەکەدا بوون و ڕۆژی چوارشەممە تەنیا دوو موشەکی ئاراستە کراوە.

به‌ گوێره‌ی هەڵسەنگاندنەکانی هێزی بەرگریی ئیسرائیل، ڕۆژی 28ی شوبات کە دەستپێکی جەنگەکە بوو، ئێران 350 موشەکی بالیستی تەقاندووە، بەڵام لە چوارەم ڕۆژی جەنگدا واتە 3ی ئازار، کەمیکردووە بۆ تەنیا 50 موشەک.

هۆکاری ئەم بێتوانابوونەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تەکتیکەی ئەمریکییەکان بەکاری دەهێنن، کە هەریەکە لە پیت هێگسێس وەزیری جەنگی ئەمریکا و براد کوپەر فەرماندەی هێزی ناوەندیی وڵاتەکە باسیان کرد، ئەویش ئەوەیە، زۆرینەی هێرشەکانیان بۆ سەر توانا هێرشبەرییەکانی ئێرانە، لە درۆن و موشەک و سەکۆکانی تەقاندنیان و کارگەکانی دروستکردنیان، هەر بۆیە هێزی بەرگریی ئیسرائیل پێشبینی دەکات دوای 11 ڕۆژ ئێران هیچ توانایەکی موشەکیی نەمێنێت.

هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، به‌شێك له‌ شاره‌زایانی سه‌ربازیی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وای بۆ ده‌چن ئه‌وه‌ی ئێران پیشانیداوه‌، ته‌نیا به‌شێكی توانا سه‌ربازییه‌كانی بێت و مه‌به‌ستیبێت به‌ باشی خۆی بۆ ئه‌گه‌ری درێژبوونه‌وه‌ی زیاتری ماوه‌ی جه‌نگه‌كه‌ ئاماده‌ بكات.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.