ئاژانسی مێهری ئێرانی ڕایگەیاند "دوای هێرشەکەی ئەمڕۆی سوپای پاسداران بۆ سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل، سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە وەستێندراوە و دۆخی لەناکاو ڕاگەیندراوە"
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەچوارچێوەی ئۆپراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆی 4ـی سوپای پاسداران بۆ سەر ژێرخانی ئابوری ئیسرائیل، ئەمڕۆ هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن و زیانێکی مادی زۆر بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە".
فڕۆکەخانەی داود بن گۆریۆنیش ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی ئەو زیانانەی بەر فڕۆکەخانەکە کەوتووە بۆ ماوەیەکی کاتیی سەرجەم گەشتەکان ڕادەگیرێن".
هاوکات، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلیش ڕایگەیاند، "سەرجەم ئەو کەسانەی لە فڕۆکەخانەکەدا بوون ڕەوانەی شوێنێکی پارێزراو کراون و لەئێستادا فڕۆکەخانەکە چۆڵکراوە".
فڕۆکەخانەی داود بن گۆریۆن، گەورەترین فڕۆکەخانەی مەدەنی ئیسرائیلە، لە هەمان کاتیشدا تێرمیناڵ و بنکەی سوتەمەنی فڕۆکەیە، ئەمڕۆ لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هێرشیکرایە سەر و سەرجەم گەشتەکانی وەستێندران.