بەشی پەیوەندییە گشتییەکان و ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە لەمڕۆوە گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی و وڵاتی تورکیا، بەتایبەت بۆ فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ، بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێدەکەنەوە.
ئەم بڕیارەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی خشتەی نوێی گەشتەکانی ئاڕاستەی فڕۆکەخانەکە کردووە بۆ ئاساییکردنەوەی جموجۆڵی ئاسمانی نێوان هەردوو وڵات.
دەستپێکردنەوەی ئەم گەشتانە لە کاتێکدایە کە پێشتریش بەهۆی هەڵکشانی گرژی و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاسمانی ناوچەکە، عێراق بۆ ماوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتەکانی لەگەڵ تورکیا ڕاگرتبوو، بەڵام ئێستا بەهۆی سەقامگیربوونی دۆخەکەوە بڕیاری دەستپێکردنەوەیان دراوە کە ئەمەش کەمکردنەوەی ئەو فشارە گەورەیەیە کە لەم ماوەیەدا بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکانەوە کەوتبووە سەر کەرتی بازرگانی، گەشتیاری و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.