یەکێتیی ئەوروپا بە فەرمی پێشوازی لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە بەغدا هاوبەشێکی ستراتیژی و بنەڕەتیی ئەوانە لە ناوچەکەدا؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای متمانەپێدانی پەرلەمان، حکومەتی نوێی وڵاتەکە دەستبەکاربووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمیی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، یەکێتییەکە پیرۆزبایی گەرمی خۆی ئاڕاستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق و تەواوی ئەندامانی کابینەکەی کردووە و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکە نوێیەکانیاندا بۆ خواستوون، بەتایبەت لەم قۆناغە هەستیارەدا کە وڵاتەکە پێویستی بە چاکسازی و ئاوەدانکردنەوە هەیە.
یەکێتیی ئەوروپا لە پەیامەکەیدا جەختی لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی خۆی کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "پشتیوانیی تەواو و بێمەرجی خۆمان بۆ پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، سەقامگیریی ئەمنی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دووپات دەکەینەوە، چونکە پێمانوایە عێراقێکی بەهێز و سەقامگیر، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ ئارامیی تەواوی ناوچەکە."
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەوروپا ئامادەیی تەواوی خۆی نیشانداوە بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان و هاندانی وەبەرهێنان لە عێراقدا.
یەکێتییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەوان بە پەرۆشەوە دەڕواننە کارکردن و هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حکومەتەکەی عەلی زەیدی، بە ئامانجی بونیادنانی داهاتوویەکی گەشتر، بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و دابینکردنی خۆشگوزەرانی بۆ سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق بەبێ هیچ جیاکارییەکی نەتەوەیی و ئایینی.