دوای راگەیاندنی کوژرانی عەلی خامنەیی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە پەیامێکدا گوتی، هێرشەکانمان بۆ ئەمریکییەکان بەئازارتر دەبن لە جاران، دڵی ئەمریکا و ئیسرائیل دەسووتێنین، هەروەک چۆن دڵمان بۆ ڕێبەر خامنەیی سوتا.
عەلی لاریجانی گوتیشی، وەڵامەکەمان ڕوون بوو، هێزەکانمان لەوپەڕی ئامادەباشی تەواودان و هەوڵدەدەین بەپێی دەستور پلانەکانمان بۆ رێکخستنەوەی سەرکردایەتی داڕێژین.
بەرەبەیانی رۆژی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا بە هاوبەشی هێرشیان کردە سەر خاکی ئێران و چەندین شاری ئەم وڵاتەیان بۆردومان کرد.
هاوکات، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی کوژرانی عەلی خامنەئی، رێبەری باڵای وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و هەڕەشەی "تۆڵەیەکی سەخت"ی لە ئەمریکا و ئیسرائیل کرد.