دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەردەوامە، بەڵام ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وادەیەی کە دۆناڵد ترەمپ ڕایانگەیاندووە، کەشوهەوای ئێرانی خستۆتە دۆخی نیگەرانی و نادڵنیایی.
هەندێک لە هاوڵاتیان بە بی بی سییان ڕاگەیاندووە، لە دۆخێکی نێوان "نە شەڕ و نە ئاشتی"دا گیریان خواردووە و هەموو ڕۆژێک لە خەو هەڵدەستن و پرسیار دەکەن "ئایا هێرش ڕوویداوە یان نا".
بە گوتەی ئەوان، ئەم دۆخە لەنێوان دوو سیناریۆدا دەگۆڕێت: لەلایەک ئەگەری "شەڕێکی درێژخایەن و پڕ لە ئازار" و زیانگەیاندن بە ژێرخانی وڵات و لە لایەکی دیکەشەوە هیوای کەمکردنەوەی سزاکان و گەیشتن بەو شتەی کە پێی دەڵێن "ژیانێکی ئاسایی".
ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئێران لەنێوان ئەم دوو پێشبینییەدا وەستاوە.
لە هەمان کاتدا کەشوهەوای ئەو وڵاتە لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی یەکدا هێشتا ئاڵۆزە، ڕێوڕەسمی ماتەمینی بۆ ٤٠هەمین کوژراوان بەڕێوەدەچێت و لەگەڵ کرانەوەی زانکۆکان، گردبوونەوە و وتنەوەی دروشمی دژ بە کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی لە بەشێک لە ناوەندەکانی پەروەردەییدا سەریهەڵداوە.
دیوە خۆشەکەی هێرشی ئەمریکا
سەعید ئەندازیارێکە لە پیشەسازی ئۆتۆمبێل لە تاران کاردەکات، دەڵێت، “هەموو ڕۆژێک کە لە خەو هەڵدەستم، خێرا سەیری هەواڵەکان دەکەم، بۆ ئەوەی بزانم هێرشێک ڕوویداوە یان نا”
سەبارەت بە بۆچوونی خەڵک لەسەر ئەگەری ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا، “دەتوانم بڵێم زۆرێکمان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی هێرشێکی ئەمریکاین”.
بە وتەی سەعید، “خەون بە هێرشێکی وەهای ئەمریکاوە دەبینین کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوخێنێت و وابکات بارودۆخی ژیانیان بەیەکجاری بگۆڕێت، نەک هێرشیکی سنورداری بێ سوود کە دواتر ڕژێـم داخەکەی بە ئێمە بڕژێت”
لە کۆکردنەوەی خۆراکەوە تا کۆکردنەوەی سەروەت و سامان
گەنجێکی خەڵکی تاران دەڵێت: زۆرینەی ئەو کەسانەی بینیومە و دەیانناسم لەگەڵ شەڕدان، بەتایبەت نەوەی گەنج، زۆربەمان لەپێناو خەونەکانماندا دەجەنگین و ڕۆژانە چەند شەفتێک کار دەکەین، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هەژارتر دەبین.
دەشڵێت: ئێمە ئامادەین بۆ لەناوبردنی کۆماری ئیسلامی بە هەر شێوەیەک بێت، تەنانەت ئەگەر خۆمانیش بکوژرێین، هەروەک چۆن زۆرێک لە هەڤاڵانمان لە شەڕی نێوان میللەت و حکومەت لە مانگی پێشودا کوژران.
ئێلی، ژنە پزیشکێکی ئێرانییە و لە بەلجیکا دەژی، دەڵێت: چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە تاران لەگەڵ دایکم قسەم کرد، دایکم وتی بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراوەکانەوە هەر خەریکی پرسە و ماتەمینین.
ئیلی دەڵێت: قسەکانی دایکم ئێجگار نیگەرانی کردم، دوام لێ کرد تەلەفونەکە بداتە دەست خوشکەکەم تا لە نیگەرانییەکانم دەربچێت، بەڵام هەردووکیان دەستیان کرد بە گریاین و نەمانتوانی قسە لەگەڵ یەکتر بکەین.
نەسیم سەرنووسەری ڕۆژنامەیەکی شاری کەرەجە و لەگەڵ منداڵە تاقانەکەیدا دەژی، سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری هێرشی ئەمریکا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەڵێت: "پەنجەرەی ماڵەکەمم بە شریت بەستووە، شوێنی سەلامەتی ناو ماڵەکەم لە بۆردومان هەڵبژاردووە و پلانم هەیە لە ئەگەری شەڕێکی توند و بەردەوامدا شارەکە بەجێبهێڵم، دەترسم لەوەی کە دەروازەکانی دەرچوون لە تاران و کەرەج بەرەو باکوور دابخرێن بەهۆی ئاستەنگی هاتوچۆوە و ناتوانم لە کاتی خۆیدا شارەکە بەجێبهێڵم".
سەبارەت بە هەستی خەڵک سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا، دەڵێت: "ناتوانم لەبری زۆرینەی خەڵک قسە بکەم، ئەم ڕۆژانە بەزۆری لەگەڵ خەڵکی خۆمان قسە دەکەین کە هاوڕای بۆچوونمانن، ئەگەر نا موناقەشەکردن لەگەڵ کەسانی دیکە لەم دۆخەدا پێدەچێت بە شەڕ کۆتایی بێت."
هاوکات خەڵکێکی زۆر بەدوای کڕینی پێداویستی و خۆراکەوەن، هەندێکیشیان توانای کڕینی زۆریان نییە و تەنانەت ئەگەر بیکڕن، ناتوانرێت خواردن بۆ ماوەی زیاتر لە چەند ڕۆژێک هەڵبگیرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەگەری بڕینی غاز و کارەبای نیشتیمانیشیان هەیە.
هاوکات هەندێکیش سەروەت و سامانەکانیان لە بانک ڕاکێشاوە، ترسیان لەوە هەیە کە کارتی بانکی لە کاتی قەیرانەکاندا کار نەکات.
هاوکات بەشێک لە کۆمپانیا و نووسینگەکانی قەرز بەهۆی ترس لە دۆخی داهاتوو فرۆشی قەرزیان سنووردار کردووە و تەنها بە پارەی کاش شت دەفرۆشن.
ئەحمەد، فرۆشیاری مۆبیلیاتە لە تاران، ئاماژە بە کڕینەکانی ئەم دواییەی بۆ قۆناغی جەنگ دەکات و ئاماژە بە دۆخی ناخۆش و سستی بازاڕ دەکات دەکات. دەڵێت: لە کڕینی بەتانی فریاگوزاری و کیسی خەوتنەوە تا چرای دەستی زۆرترین خواستیان لەسەرە.
دەڵێت: “من لەگەڵ شەڕدا نیم، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەموو کوشتن و سەرکوتکردنە، یەکێک لەو بژاردە کەمانەی کە ماونەتەوە دەستێوەردانی دەرەکییە”
دەشڵێت: "ئایا دەرئەنجامی شەڕێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندی گەلی ئێراندا دەبێت؟ دەکرێت شەڕێک بێت کە لە بەرژەوەندی گەلدا نەبێت، ژێرخانیش لەناو بچێت و ئەمریکاش وەک عێراق و ئەفغانستان بێت و ئاژاوە دروست ببێت، دواتر شەڕی ناوخۆ ڕووبدات، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕینی حکومەت و دواجار هەموو ئەمانە لە بەرژەوەندی خەڵکدا بن.
*ناوەکانی ناو ئەم ڕاپۆرتە بە بەرچاوگرتنی پاراستنی ئەمنی گۆڕدراوە.
سەرچاوە: بی بی سی فارسی