ڕاستەوخۆ

پەروین بوڵدان: چاوەڕوان دەکەین لە مانگی نیسان و ئایاردا هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت

reset font size increase font size

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی و پەرلەمانتاری دەم پارتی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، وردەکاریی کۆبوونەوەی 27ـى ئازاری لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان دامەزرێنەری پەکەکە ئاشکرا کرد و تیشکی خستە سەر ئاییندەی پڕۆسەی چارەسەری و دیدگای ئۆجالان بۆ ناوچەکە.

ئەندامەکەی شاندی ئیمڕاڵی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجالان بڕوای تەواوی بەوە هەیە سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و ڕایگەیاندووە: سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتاییهات، پەکەکە کۆتایی هات. ئێستا قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە کە تێیدا هەموو شتێک لە ڕێگەی سیاسەتەوە چارەسەر دەکرێت. بە گوتەی پەروێن بوڵدان، ئۆجالان جەختی کردووەتەوە کە ڕێگە نادات کورد جارێکی دیکە ببێتە داردەستی هیچ لایەنێک و لە سوریاش ڕێگری لە کۆمەڵکوژیی کوردان کردووە.

لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی پروین بوڵدان گوتی: مانگی نیسان وەک کاتێکی دیاریکراو دانرابوو بۆ ڕاگەیاندنی هەنگاوی داهاتوو. ئێمە چاوەڕوان دەکەین لەم ماوەیەدا یان سەرەتای مانگی ئایاردا هەنگاوی کۆنکرێتی بنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای گواستنەوەی داواکارییەکانی کۆمەڵگە بۆ دەوڵەت و باخچەلی، تا ئێستا وەڵامێکی ڕوونی وەرنەگرتووە.

ئەندامەکەی شاندی ئیمڕاڵی ئاشکرای کرد، ئۆجالان داوای پێگەیەکی یاسایی دەکات وەک (نێوەندگیر) یان (کارەکتەری سەرەکی) بۆ چارەسەری پرسی کورد. هەروەها داوای کردووە کە مەرجی کارکردنی ئازادانەی بۆ بڕەخسێنرێت، لەوانە مافی پەیوەندیکردن و کۆبوونەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، تا بتوانێت ڕاستەوخۆ بۆ کۆمەڵگە ڕوونی بکاتەوە بۆچی بڕیاری داوە شێوازی خەبات لە چەکدارییەوە بگۆڕێت بۆ سیاسی.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پەروین بوڵدان باسی لەوە کرد، ئۆجالان نیگەرانە لەو فشارانەی دەخرێنە سەر پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) و پێی وایە ئەم پڕۆسەیە تەنها بۆ کورد نییە، بەڵکو بۆ دیموکراسیی هەموو تورکیایە.

پەرلەمانتارەکەی دەمپارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجالان داوای کردووە یاسایەکی گشتگیر بۆ چەسپاندنی دادپەروەری دەربچێت و دواتر پاکێجی دیموکراسی بەدوای خۆیدا بهێنێت، تاوەکو کۆمارێک بنیاد بنرێت کە تێیدا کورد، تورک، عەلەوی و هەموو پێکهاتەکان بە ناسنامەی خۆیانەوە بە ئازادی بژین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.