ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند: بابەتی سەرەکی دانوستاندنەکەی ئیسلام ئاباد گەرووی هورمز، پرسی ئەتۆمی، قەرەبووکردنەوەی جەنگ، لابردنی سەرجەم سزاکان و کۆتایی هێنان بەسەرجەم هێرشەکانی سەر ئێران بوو.
ئیسماعیل بەقایی، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: سەرکەوتنی ئەم پڕۆسە دیپلۆماسییە پەیوەندی بە بە جددییەت و نیازپاکی لایەنی بەرامبەر و خۆ بەدوورگرتن لە زیادەڕۆیی لە داواکارییەکانیان هەیە و ئەوان هێرش و بێ بەڵێنی لایەنی بەرامبەرییان فەرامۆش نەکردووە و بەهۆی زیادەڕۆیی ئەمریکییەکان لە داواکارییەکانیان لە دانوستاندنەکان ڕێککەوتن ئەنجامنەدرا.
ئاماژەی بەوەکردووە: دیپلۆماسییەت هیچ کاتێک کۆتایی پێنایەت، چونکە ئامرازێکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و نابێت چاوەڕێی ئەوەبین تەنها بەیەک دانیشتن ڕێککەوتنی کۆتایی ئەنجامبدرێت.
دوابەدوای ئەم لێدوانەی بەقایی، جەی دی ڤۆنس، جێگرى سەرۆکى ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمریکا زۆر بە ئاشکرایی هێڵە سورەکانی خۆی دیاریکردووە و لەگەڵ لایەنی ئێران نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن و ئەوان مەرجەکانی ئەمریکایان پەسەند نەکردووە.
گوتیشی، هەواڵە خراپەکە ئەوەیە نەمانتوانی بگەینە ڕێککەوتن و بۆ ڕاوێژکردنی دانوستاندنەکان دەگەڕێینەوە بۆ کۆشکی سپی.