عەلی شەمخانی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای بەرگریی ئێران، لە ساڵیادی شۆڕشی ئێراندا رایگەیاند، گفتوگۆ لەسەر توانا موشەکییەکانی ئێران، پرسێک نیە کە لە دەسەڵاتی دانوستانکارەکاندا بێت.
شەمخانی لەبارەی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتی ئێران وتی، فەرماندەکانمان لەنێو هێزە سەربازییەکاندا، هەم بە لێدوان و هەمیش بە نمایشکردنی هێزەکانیان رایانگەیاندووە، هەرجۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر ئێران، ئەگەرچی سنوورداریش بێت، بە واتای دەستپێکردنی شەڕە.
ناوبراو وتیشی، ئەمە شەڕێک نابێت لەنێوان دوو لایەن و سنوورێکی دیاریکراودا، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی کە جگە لە لایەنی سەربازیی، توانای وزەی ناوچەکەش دەکاتە ئامانج و لەسەر هەموو جیهان کاریگەریی دادەنێت.
شەمخانی لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و وڵاتەکەی وتی، رێگەی ژیرانە ئەوەیە لایەنی بەرامبەر، بە گرنگییەوە درێژە بەو رەوتە بدات کە بۆ رێککەوتن دەستیپێکردوە، نەک بۆ نمایشکردن.