لە دریژەی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران و بەرزبوونەوەی ئاستی نیگەرانییەکان لەبارەی داهاتووی بازاڕی وزەوە، بۆرسەی وۆڵ ستریت دوو هەفتەی قورسی تێپەڕاند و زیانی تریلیۆن دۆلاری بەر کۆماپانیا زەبەلاحەکانی جیهان کەوت.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی بۆڕسەی ئەمریکا، تەنها لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا، بەهای بازاڕکردنی (مارکێتین) کۆمپانیاکانی ناو پێوەرە سەرەکییەکەی ئەمریکا (S&P 500) بە بڕی 2.2 تریلیۆن دۆلار دابەزیوە، ئەمەش کارتێکردنی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو نادڵنیاییەی کە جەنگی ئێران لە ناوچەکەدا دروستی کردووە.
پێوەری (S&P 500) کە گوزارشت لە ئاستی کارکردنی گەورەترین کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەکات، لە دوایین مامەڵەکانیدا بە ڕێژەی %0.61 دابەزی و لە ئاستی 6,632.19 خاڵدا جێگیر بوو، بەمەش نزمترین ئاستی خۆی لە دەستپێکی ساڵی 2026ەوە تۆمار کرد. ئەم پاشەکشە خێرایەش هاوکات لە 27ی شوبات و لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران دەستیپێکرد، بە جۆرێک کە پێوەرەکە لەو ڕێکەوتەوە تا ئێستا زیاتر لە%3.6ی بەهاکەی لەدەستداوە.
لە لایەکی دیکەوە، بازاڕی نەوت بووەتە بزوێنەری سەرەکیی ئەم ناسەقامگیرییە، چونکە وەبەرهێنەران بە وردی چاودێری کاریگەرییەکانی جەنگ لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی دەکەن. هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ هێورکردنەوەی بازاڕەکان هەندێک لە سزاکانی سەر نەوتی ڕووسیای بە شێوەیەکی کاتی سووک کردووە، بەڵام نرخی نەوتی خاو هەر بە بەرزی مایەوە و فشارێکی زۆری خستە سەر هەرسێ پێوەرە سەرەکییەکەی بۆرسەی ئەمریکا، کە بە خێراییەکی زۆر پاشکەشەی کرد.