سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە (14ی حوزەیرانی 2026)، شاندێکی باڵای سەربازیی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیی فەریق یەکەم روکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا، سوپاسالاری عێراق، گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانی شاندەکە، تاوتوێکردنی پرسی ئەمنی و دابینکردنی گەرەنتیی پێویستە بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەردانی ئەم شاندە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە کۆبوونەوەی نێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کۆمپانیا نەوتییەکان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیار درابوو کە بەغدا گەرەنتیی ئەمنیی تەواو بۆ کێڵگە نەوتییەکان دابین بکات.
ئەمەش بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەیەکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی بێ گرفتی کاری کۆمپانیاکان و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، بەتایبەت لە کاتی گرژی و شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران و تەنانەت دوای وەستانی جەنگەکەش، کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جار ڕووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی بوونەوە. ئەم هێرشانە بوونە هۆی، ڕاگرتن و کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، هەروەها دروستبوونی دڵەڕاوکێ لای کۆمپانیا بیانییەکانی کەرتی وزە.
پێشبینی دەکرێت لە دوای ئەم کۆبوونەوانە، هێزە ئەمنییە هاوبەشەکان رێکاری نوێ بۆ پاراستنی هێڵەکانی وزە و کێڵگەکانی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان بگرنەبەر.