بۆردی داکۆکیی لە ماف و ئازادیی رۆژنامەنووسان سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، داوا لە میدیاکان دەکات تاوەکو بڕیاری کۆتایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی کەیسی د. عەبدوللەتیف، خۆیان لە بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست و "وتی وتی" بەدوور بگرن.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 27-06-2026 بڵاوکراوەتەوە، بۆردی داکۆکیی لە ماف و ئازادیی رۆژنامەنووسان ئاماژەی بەوە کردووە:
"پاش ئەوەی زانکۆی سلێمانی لیژنەیەکی لەبارەی کەیسی د. عەبدوللەتیف پێکهێنا، لە ئێستادا ئەو لیژنەیە کارەکانی تەواو کردووە و وردەکارییەکەی بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرزکراوەتەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بڕیاری کۆتایی لەبارەی ئەو کەیسەوە تەنیا لە دەسەڵاتی وەزارەتی خوێندنی باڵادایە.
سەندیکای رۆژنامەنووسان داوا لە سەرجەم میدیاکان و دیجیتاڵ میدیا مۆڵەتدارەکان دەکات، تا کاتی دەرچوونی بڕیاری فەرمیی وەزارەت، پابەندی بنەماکانی کاری رۆژنامەنووسی بن و "لەکاتێکدا بابەتەکە لە قۆناغی یەکلاییکردنەوەدایە، لەژێر هیچ ناونیشانێکدا بابەتی 'وتی وتی' بڵاونەکەنەوە."