ڕاستەوخۆ

سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداریی کۆتایی دەداتە گروپە چەکدارەکان

reset font size increase font size

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پشت دەرگا داخراوەکانی کۆشکی حکومەت لە بەغدا، هەڵمەتێکی چڕی دیپلۆماسی و سیاسی بۆ کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارە شیعەکان و دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دەستپێکردووە؛ هۆشداریش دەداتە هەر گرووپێک سەرپێچی بکات.

بەگوێرەی ئەو زانیارییە تایبەتانەی کە لە چەند سەرچاوەیەکی باڵای ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە دەست ماڵپەڕی"ئەلحوڕە" کەوتوون، زەیدی لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەدا ڕایگەیاندووە، "ئەگەر هەر لایەنێک دژی بڕیارەکانی دەوڵەت بوەستێتەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا، بەتایبەت سەبارەت بە شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، من دەستبەتاڵ ناوەستم."

ئەم هەوڵانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای ڕاگرتنی شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکای کرد.

لە شەڕی 40 ڕۆژەی ڕابردوودا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق بە درۆن هێرشیان کردە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە حکومەتی بەغدا بە فەرمی هۆشداریی داوەتە سەرجەم گروپەکان، بەتایبەتی "بزوتنەوەی نوجەبا" و "کەتایبی حزبوڵڵا"، کە هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی ئەم ململانێیە تاکە ڕێگەیە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشی سەربازیی ئیسرائیل.

حکومەت ڕایگەیاندووە هەر گرووپێک خاکی عێراق بۆ هێرشکردن بەکاربهێنێت، ڕووبەڕووی ڕێکاری توندی یاسایی و ئەمنی دەبێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە واشنتن فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بەغدا؛ لە ئەنجامی ئەو فشارانەشدا هەردوو گرووپی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و "کەتایبی ئیمام عەلی" ڕادەستکردنی فەوجە چەکدارەکانی خۆیانیان بە دەوڵەت و حەشدی شەعبی ڕاگەیاندووە.

بەڵام کێشەی سەرەکیی دەوڵەت لەگەڵ "نوجەبا" و "کەتایبی حزبوڵڵا"یە کە مەرجی چەکدانانیان بەستووەتەوە بە کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.

سەرچاوەکان دووپاتیان کردووەتەوە کە بەغدا هەڵوێستی کۆتایی خۆی بە گرووپەکان گەیاندووە، هەر گروپێک ئامادە نەبێت چەکەکەی ڕادەستی دەوڵەت بکات، وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.