محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ڕایگەیاند، تووندترین ڕێکار بەرانبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر زیان بە ناوبانگی وڵات دەگەیەنن و دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و نێردە دیپلۆماسییەکان.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، 3ـی نیسانی 2026، محەمەد شیاع سودانی بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی لە بارەگای ئاژانسی هەواڵگریی و لێکۆڵینەوەی فیدراڵی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لەوە کردووەتەوە، پێویستە توندترین ڕێکار بەرانبەر ئەو کەسانە بگیرێتەبەر کە دەستیان لە زیانگەیاندن بە ناوبانگی وڵات و بەرژەوەندییەکانی خەڵک هەیە، بەتایبەت پرسی بە ئامانجگرتنی دامەزراوە هەستیارەکان، نێردە دیپلۆماسییەکان و ڕفاندنی هاوڵاتیانی بیانی.
سودانی لەبارەی سەروەریی یاساوە ڕایگەیاندووە "هیچ هێڵێکی سور لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسادا نییە، لایەنی داواکراو هەر کێ بێت، نابێت هیچ کەمتەرخەمییەک لە جێبەجێکردنی یاسادا بکرێت و پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ ئەولەویەتی سەرەکییە".
سودانی داوای ئامادەیی تەواو و بەردەوامیی هەوڵە هەواڵگرییەکانی کردووە بۆ پاراستنی ئەو سەقامگیرییەی بەدەستهاتووە. هەروەها داواشیکردووە، ڕێگری لە هەر هەڕەشەیەک بکرێت کە ڕووبەڕووی وڵات دەبێتەوە، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ناوچەکە بەهۆی جەنگ و پەرەسەندنی ململانێکانەوە دۆخێکی هەستیار بەخۆیەوە دەبینێت.