وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکوەزیرانی پاکستان پەرەپێدانی پەیوەندییە دوولایەنەکان و هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێرانیان تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەروەی ئێران ڕایگەیەند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ پاکستان، لەگەڵ شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
ئاماژەی بوەکردووە، لە دیدارەکەدا هەردوولا باسیان لە پەیوەندییە دوولایەنەکان و هاوکارییەکانی تاران و ئیسلام ئاباد لە بوارە جیاوازەکاندا کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، شەهباز شەریف جەختی لە ئیرادەی وڵاتەکەی کردووە بۆ بەردەوامبوونی ڕەوتی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و دڵنیایی ئەوەی داوە، ئەم هاوکارییانە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دراوسێ و موسڵماندا دەبێت.
هاوکات عێراقچی ئاماژەی بە ڕۆڵی تایبەتی پاکستان لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا کردووە و گوتی، "ڕێبەری باڵا و سەرۆککۆمار پزشکیان جەخت لە سەر پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دراوسێکان و بەتایبەت پاکستان دەکەنەوە."
وەزارەتەکە دەڵێت، عێراقچی لە کۆبوونەوەکەدا سوپاسی هەوڵە بەردەوامەکانی بەرپرسانی پاکستانی کردووە بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە بە گوتەی ئەو "لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە".
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "عێراقچی ستایشی میوانداریکردنی دانوستانەکانی کردووە و هەڵوێستی ئێرانی لە بارەی ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگ بۆ لایەنی پاکستانی ڕوون کردەوە".