سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، جەنگی ئێران و ئەمریکا کاریگەرییەکی خراپی لەسەر کەرتە ئابورییەکانی جیهان دروستکردووە.
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەکردووە، شەڕی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری قورسی لەسەر کەرتەکانی بازاڕە داراییەکان، وزە، بازرگانی و دابینکردن دروستکردووە، ئەمەش بووەتەهۆی دروستکردنی هەڕەشەیەکی جددی بۆ سەر ئابوری جیهان.
گوتیشی، پەککەوتنی دابینکردنی وزە لەسەرانسەری جیهان، مەترسیدارترین لێکەوتەکانی ئەم دۆخەیە و گۆڕینی ڕێڕەوی کەشتییە بازرگانییەکان بووەتەهۆی زیاتربوونی تێچووی لە گواستنەوە و دڵنیاییدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەبەرئەوهی گواستنەوەی پەینە کشتوکاڵییەکان بەڕێژەی یەک لەسەر سێی لە گەروی هورمزەوە ئەنجامدەدرێت مەترسییەکی گەورە لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک دروستبووە.
ئەم لێدوانەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە کاتێکدایە بەهۆی جەنگی ئێران-ئەمریکا سەرجەم وڵاتانی جیهان ڕووبەڕووی قەیرانی دابینکردنی وزە بوونەوەتەوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ڕێژەی هەڵاوسان ڕوو لە هەڵکشان دەکات.