خەیرەدین ئەداک، زیندانیی سیاسی کورد، کە لە زیندانی جۆری (ئێس)ـى چاڕشەمبە لە سامسونە، لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی خراپ بوونەتەوە.
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئەداک، لە 26ـی ئازاردا پاسەوانەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ژوورەکان و لە زیندانییەکانیان داوە و بە زۆر ژوورەکانیان گۆڕیوون، پاسەوانەکان بە لێدان ئێمەیان برد؛ تەنانەت خەریک بوو قۆڵم بشکێنن. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە چالاکییەکانی وەرزش و گفتوگۆ بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمی قەدەغە کراون.
خەیرەدین ئەداک باسی لەوەش کردووە، کە لە کاتی گواستنەوەیاندا، ئەو زیندانییانەی نەخۆشی پەرکەمیان هەبووە، بوراونەتەوە و پزیشکی زیندانەکەش بەهۆی فشاری پاسەوانەکانی زیندان چارەسەری بۆ نەکردوون.
لە لایەکی دیکەوە، یوسف ئەداک، برای خەیرەدین ئەداک، ڕایگەیاند، براکەی نەخۆشیی ڤایرۆسی جگەری هەیە و چارەسەری بۆ ناکرێت.
یوسف ئەداک، ڕەخنەی لەوە گرت کە سەرەڕای قسەوباسەکان دەربارەی پڕۆسەی ئاشتی، بەڵام لە زیندانەکاندا پێشێلکارییەکان بەردەوامن. گوتیشی، بەرپرسانی زیندانی چاڕشەمبە و دەوڵەتیش بەرپرسیارن لە هەر مەترسییەک کە سەر ژیانی براکەی درووست بێت.